(ته‌ڵاق) هۆكارى ئابورییه‌، یاخود لێك تێنه‌گه‌یشتنه‌.

تكلمي

, وتار

نیان ئه‌حمه‌د//

 

كێشه‌یه‌كى ناته‌ندروست بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ئه‌وه‌یش جیابوونه‌وه‌یه‌. جیابونه‌وه‌ شتێكى نامۆ نیه‌ به‌ڵكو ئه‌مه‌ كێشه‌ى هه‌موو ژن و مێردێكه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا، جیابونه‌وه‌ له‌ كوردستان روو له‌ زیادبوونه‌، به‌هۆى لێك تێنه‌گه‌یشتن و ئه‌و جیاوازییه‌ فكرییه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌نێوانیان،له‌ به‌رئه‌وه‌ى له‌پێشدا هه‌ركه‌سه‌ له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و خاوه‌ن بڕوانامه‌ هاوسه‌رى هه‌ڵده‌بژاردو ژنى ده‌هێنا ، به‌ڵام ئێستا هه‌موو ئاراسته‌كان گۆڕاوه‌ به‌ هۆى ئه‌و گۆڕانه‌ خێرایه‌ى كه‌ هاتووه‌ته‌ ناومانه‌وه‌، یا ته‌ماحى ده‌وڵه‌مه‌ندى و هه‌ژارى هه‌موو یه‌كه‌كانى گۆڕیوه‌، ێستا بڕوانامه‌ گرنگى نه‌ماوه‌ بۆ دروستكردنى خێزان له‌لاى هه‌ندێك كه‌س له‌پێشدا ئه‌گه‌ر كچان بڕوانامه‌ى هه‌بوایه‌ شوى نه‌ده‌كرد به‌ كه‌سى بێبڕوانامه‌ و نه‌خوێنده‌وارى ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ڵام ئێستا ده‌وڵه‌مه‌ندى له‌سه‌روو هه‌موو كایه‌كانه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام لێك تێنه‌گه‌یشتنێك دروست ده‌بێت له‌ نێوانیان و ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتایى دێت، بێگومان جیابونه‌وه‌كان جیاوازییان هه‌یه‌ له‌شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكى تر، جیابوونه‌وه‌ (ته‌ڵاق) لاى ئافره‌تانى ئێمه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام له‌ وڵاتانى رۆژئاوا وانییه‌، ئه‌گه‌ر ژن ومێردێك جیاببنه‌وه‌ منداڵیان هه‌بێت ئه‌وا حكومه‌ته‌كه‌یان هه‌موو پێداویستیه‌كانى ژیانیان بۆ دابین ده‌كات و كه‌مووكوڕییان له‌هیچ شتێكدا نابێ، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لاى ئێمه‌ى رۆژهه‌ڵاتى له‌و رۆژه‌ى ژنه‌ جیاده‌بێته‌وه‌ ئیتر به‌ر هه‌موو ئافاته‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌وه‌ بێخانه‌ و بێلانه‌ ده‌كه‌وێت.

به‌خێوكردنى منداڵه‌كانى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى خۆى،ئه‌گه‌ر نه‌فه‌قه‌یه‌كى كه‌مى له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌ى بۆ ببڕێته‌وه‌. بێبه‌ختترین ئافره‌ت ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌ كه‌ ژنى ماڵه‌وه‌ بێت كه‌ هیچ داهاتێكى خۆى نه‌بێت.
ئابوورى فاكته‌رێكى سه‌ره‌كییه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆكارى جیابوونه‌وه‌ى ژن و مێرد، ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایى به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ زۆرترین ژن ومێرد له‌ یه‌كتر جیابوونه‌وه‌، كه‌ واى كردووه‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان زیاتر ببن ، پاشان ئاستى رۆشنبیرى وهوشیارى و شاره‌زانه‌بوون له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت ولێك تێگه‌یشتن و لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى شوێنى نیشته‌جێبوون و…تد.
ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌موویان هۆكارى سه‌ره‌كین بۆ تێكچونى شیرازه‌ى خێزان له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان. یا(خیانه‌ تى زوجى) كه‌ ئێستا زۆر بووه‌ وه‌كو دیارده‌یه‌كى لێهاتووه‌ ، له‌پێشدا رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌ له‌ناو ئافره‌تانى نه‌خوێنده‌وارو ژنانى ماڵه‌وه‌ هه‌بوو به‌زه‌حمه‌ت به‌كه‌مى له‌ناو ئافره‌تانى خوێنده‌وار و له‌ پله‌ وپایه‌كان ده‌بینرا, به‌ڵام ئێستا رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌ له‌ناو ئه‌م نوخبه‌ش زیادى كردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م هوشیارییه‌ى كه‌ ئێستا له‌ناو ئافره‌تاندا هه‌یه‌ كه‌ زۆر شت قبوڵ ناكه‌ن  و كاریگه‌رى هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیان.
هه‌روه‌ها به‌لێشكاو چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى ئافره‌تان بۆ كاركردن له‌دواى راپه‌رین و بینینى مووچه‌ى خۆیان تاراده‌یه‌ك بوو به‌هۆى دروستبونى بڕوابوونێك بۆ خودى ئافره‌تان، ده‌ركه‌وت بژێوى ژیان و به‌خێوكردن ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ئابورى پیاوه‌وه‌ به‌ڵكو خۆشیان ئاماده‌ییان تێدایه‌ كاربكه‌ن  و داهاتى خۆیان هه‌بێت تاراده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیى ئابورى به‌ده‌ست بهێنن.

لێره‌دا ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كه‌م ئه‌وه‌ نیه‌ هانى ئافره‌تان بدرێت ڕێگه‌ى جیابوونه‌وه‌ بگرنه‌به‌ر، نه‌خێر پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاقڵانه‌ و به‌بێ هه‌ڵچونى ده‌روونى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكرێت.
بێگومان هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك گۆڕانى تێدابێت هه‌وڵى پێشكه‌وتن بدات كار بۆ گۆڕانكارییه‌كان بكات ئه‌وا كۆمه‌ڵگایه‌كى زیندووه‌ ده‌بێت قوربانیش هه‌بێت,به‌تایبه‌تى ئافره‌تان كه‌ ئێستا به‌هۆى تێگه‌یشتنیان له‌ گۆڕانكارییه‌كان و چاوكراوه‌ییان و هه‌تا ئافره‌تانى ماڵه‌وه‌ و نه‌خوێنده‌واره‌كانیش به‌هۆى گوێڕاگرتنیان له‌ به‌رنامه‌كانى رادێو و ته‌ماشاى به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیونیه‌كان ئه‌مانه‌ش تێگه‌یشتن له‌ ئه‌رك و مافه‌كانیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بووه‌، ئه‌م دیارده‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌ ، خۆسوتاندنى ئافره‌تان له‌ئه‌نجامى ئه‌و توندوتیژییه‌ى دروست بووه‌ كه‌ ده‌رحه‌ق بة ئافره‌تان ده‌كرێت بۆیه‌ له‌و كاته‌دا بێئاگایى( لاشعورى) جێگه‌ى ئه‌قڵ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى هه‌ڵچونێكى ده‌روونى بڕیارى خۆكوشتن ده‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ تاسه‌ر ئێسقان دژى خۆسوتاندن و خۆكوشتنى ئافره‌تانم به‌هۆى ئه‌و توندوتیژییانه‌ى به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌ چاره‌سه‌رى نه‌بێت كه‌ كێشه‌ هه‌بوو كه‌واته‌ چاره‌سه‌ریش هه‌یه‌، ده‌توانرێت به‌ئارامى و به‌شێنه‌یى سه‌ربكه‌ون به‌سه‌ر كێشه‌كاندا ئه‌گه‌ر هه‌ڵچونى تێدا نه‌بێت ئه‌گه‌ر به‌جیابوونه‌وه‌ش بێت باشتره‌ له‌وه‌ كۆتایى به‌ژیانى خۆیان بهێنن,هه‌ر بۆیه‌ ئێستا ئافره‌تى خوێنده‌واره‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ به‌رزه‌كانیش رێگه‌ى جیابونه‌وه‌یان گرتووه‌ته‌ به‌ر.

اترك رد