کەمخەوی و زۆرخەوی ئەگەری بیرکردنەوەی نەرێنی زیاددەکەن

تكلمي

, وتار

سه‌روه‌ر سالار//

رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە خەوتنی شەوانەی کەمتر لە 8 کاژێر، ئەگەری بیرکردنەوەی نەرێنی زیاددەکات، کە پەیوەندیی هەیە بە تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

توێژەرەکان لە زانکۆی بێنگهامتنی ئەمریکاوە بوون و توێژینەوەکەیان لە ماڵپەڕی زانستی “ScienceDirect” بڵاوکردووەتەوە.

لە توێژینەوەکەدا کۆمەڵێک وێنەی تایبەت پیشانی بەشداران دەدرا بۆ دیاریکردنی کاردانەوەی سۆزدارییان، ژمارەی کاژێرەکانی خەوتنی شەوانەی بەشدارانیش پیوان دەکرا.

توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت ئەوانەی کەمتر لە هەشت کاژێر دەخەون بە سەختی دەتوانن سەرنجیان لەسەر بیرکردنەوە نەرێنییەکان دووربخەنەوە.

هەروەک بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کەمتر لە هەشت کاژێر دەخەون، بە تێپەڕبوونی کات بیرۆکە نەرێنییەکان زیاتر دەستوەردەدەنە ژیانی و ئەگەری تووشبوونی بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاددەکەن.

توێژەرەکان گوتوویانە ئەنجامە نوێیەکان دەبنە پاڵنەری پزیشکان و پسپۆڕانی دەروونی، تاکو بیر لە چارەسەری گرفتی خەوی تووشبووانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بکەنەوە، وەک رێگایەک بۆ قوتارکردنیان لە بیرە نەرێنییەکان، کە باری دەروونیی ئەو تووشبووانە ئاڵۆزتر دەکەن.

بەڵام هۆشداریش دەدەن کە نووستنی زیاد لە پێویست بە هەمان شێوە بیری نەرێنی لە ژیانی کەسەکەدا زیاددەکات، بۆیە باشترین شت ئەوەیە خەوێکی پشووپێدەری هەبێ، نە زیاد و نە کەم، کە لە زۆربەی خەڵکیدا هەشت کاژێر خەوتنە.

 

سه‌رچاوه‌: رووداو نێت

اترك رد