Takalami | تكلمي

بەقسەی خۆش مرۆڤ بە ­خوێنەرکردن

■یەک: پەنجەت بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی کتێب بەکار بێنە، نەک بۆ هەڕەشەکردن.
■دوو: ئەگەر تەنانەت بۆ ئەوەیش بێت کە خەوت لێ بکەوێت، کێشە نییە، لە بری ڤالیۆم دەتوانیت کورتەچیرۆکەکانی چێخۆف بخوێنیتەوە، یان ئەوانەی یاسوونەری کاواباتە، هێندێکیان هێندە کورتن، کە بە دڵنیایی لە نیوەیدا خەوت لێ ناکەوێت و تەواوی دەکەیت.
■سێ: ئاسایییە لە کافتریاکان نێرگەلە بکێشیت، بەڵام کە چوویتەوە ماڵەوەیش مەچۆ هەر جگەرە بکێشیت، بەڵام دەتوانیت بخوێنیتەوە و جارجاریش بە دیارییەوە جگەرە بکێشیت، یان جگەرە بکێشیت و جاجار لە سایتی باڵندە شیعرێک بخوێنیتەوە، بەڵام سایتەکە چونکە هیی شاڵاو حەبیبە و هاوڕێیەکەیەتی، هێشتاکە هیچ شیعرێکی شاڵاوی تێدا نییە، بەڵام نیگەران مەبە، شیعری جوانی زۆر تێدایە، کوردی و بیانی.
■چوار: بیستوومە هەر کتێب دەگریت بە دەستەوە خەو دەتگرێت، جا چییە، بخەوە و کە هەستایتەوە بخوێنەوە. مەگەر قەت هەڵناستیتەوە؟
■پێنج: نیگەران مەبە لەوەی لە کاتی خوێندنەوەدا زۆر دەست بۆ خۆت دەبەیت، هەموو کەسێک هەر وا دەکات، بەڵام وا باشترە زۆرتر دەست بۆ کتێبەکە ببەیت، هەڵبەت خۆیشت ئازاد بکە لەوەی کتێبەکە دەستت بۆ بەرێت، هەرگیز بە پێشداوەرییەوە کتێب مەخوێنەوە.
■شەش: وەکوو ئابلوومووف مەبە، کە دوو لاپەڕەی لە کتێبێک دەخوێندەوە و لە ژوور سەری دایدەنا تا تۆزی لەسەر دەنیشت، دوای چەند ساڵێک دیسان دەستی بۆ دەبردەوە، دوو لاپەڕەی دیکەی دەخوێندەوە، تۆ لانیکەم جارجار تەپوتۆزەکەی بسڕە، بەڵام پێویست ناکات کلێنکسی تەڕ بەکار بهێنیت.
■حەوت: ئەگەر لە کافێ‌کتێبێک بوویت و شەوێک لە شەوان یان لە ڕۆژان، بڕیارت دا کۆکتێلی شەربەت نەخۆیتەوە، ئەوا دەتوانیت کتێبێک بکڕیت، کە هەرکات تۆ بتەوێت، فرێشە.
■هەشت: ئەگەر ماڵەوە زۆر سەریان خستە سەرت، کە هەر خەریکی کتێبیت، بێگومان تۆ نیگەران نابیت، چونکە خۆت دەزانیت کە هەر خەریکی موبایلیت. لانیکەم ئەگەر شەوێک نێتت نەبوو، بە پەلە یەک-دوو چیرۆکی جوان بخوێنەوە، ئەوانەی چێخۆف یان یاسوونەری کاواباتە بۆ نموونە، بشبوورە کە نموونەی زیاترت پێ ناڵێم، چونکە بە دەگمەن ڕوو دەدا نێتت نەبێت.
■نۆ: ئەگەر لە قەتاردا بوویت و ویستت سەیری دیمەنەکانی دەرەوە بکەیت، جارجاریش دەتوانیت سەیری دیمەنەکانی ناوەوە بکەیت کە لەناو کتێبەکەدان. زۆر جار ئەم دیمەنانەی دەرەوەی قەتار هەر لە فیلمەکاندا جوانن، بۆیە لە قەتاردا کتێب بخوێنەوە و لە فیلمەکاندا سەیری دیمەنەکانی دەرەوە بکە.
■دە: ئەگەر هەر بە جددی پێت وایە کتێب خوێندنەوە هیچ سوودێکی نییە، کەواتە گوتاری «سوودەکانی کتێب نەخوێندنەوە» بخوێنەوە، وەک دواهەوڵی ژیانت لەم بوارەدا.
■یازدە: هیچ بیانوویەک بۆ کتێب نەخوێندنەوە قبووڵکراو نییە، بەڵام دەتوانین هەمان ئەو بیانووانەت بۆ تەمبەڵی لێ قبووڵ بکەین. کەواتە کەیسەکەی تۆ هەرگیز پەیوەندیی بە کتێبەوە نییە، خەتای منە باسی کتێبت لەگەڵدا دەکەم. هەڵبەت تەنانەت تەمبەڵەکانیش دەتوانن ڕۆژانە چیرۆکێکی چێخۆف یان کاواباتە هەر بخوێننەوە.
■دوازدە: یەکێک لە کێشەکانی کتێب خوێندنەوە ئەوەیە ئنجا خەڵک بە نه فام دەزانیت، بەڵام مادەم باش دەخوێنیتەوە، کێشە نییە.
■سێزدە: ئەگەر جارجار کتێب دەخوێنیتەوە، کەواتە جارجار لە بارەی کتێبەوە قسە بکە، بەڵام ئەگەر حەز دەکەیت بەردەوام لە بارەی کتێبەوە (قسەی باش) بکەیت، کەواتە ناچاریت بەردەوام بخوێنیتەوە. له به ر ئه وه ى ناتوانیت بەردەوام بخوێنیتەوە، ئەوەیش چارەسەری خۆی هەیە؛ لە ساڵێکدا لە بری ئەوەی کتێبی (هەزارویەک… شتی ئەمەوئەوە) بخوێنیتەوە، یەک-دوو کتێب بخوێنەوە کە کهوولیان زۆر بەرز بێت. مخابن ڕێژەی کهوول لەسەر کتێبەکان نەنووسراوە. من پێشنیار دەکەم بینووسن.
■چواردە: هەر خودی کتێبخانە دیمەنی ماڵەکەت جوانتر دەکات. ئێ کەواتە بە خوێندنەوەی کتێبەکە دیمەنی خۆیشت جوان دەبێت. تا ئێرە زۆر سادە بوو قسەکەم؟ باشە. من چەند برادەرێکی کوڕم هەیە، کە زۆر باش دەخوێننەوە، لەبەر چاوم بوون بە کەیت وینسێڵت.
■پازدە: بە کتێب مەڵێ کاتم نییە، بە کات بڵێ کتێبم هەیە.
■شازدە: خەڵک هەیە مرۆڤکوژە، دەیخەنە زيندانه وه، بۆ خۆی دەست دەکات بە کتێبخوێندنەوە، یانی تۆش هەر دەبێت وات لێ بکەین بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە؟
■حەڤدە: ڕەنگە پانزە ساڵ زیاتر، باوکم بەردەوام لێی دەپرسیم، ئەوە چییە هەر کتێب بۆ خۆت دەخوێنیتەوە، کەمێکیش بۆ من بخوێنەوە بزانم چییە. ئاخر جار کە پرسیی، ڕێک لە کوێدا بووم دەنگم هەڵبڕی: «ئنجا ئەوە ڕووی دا کە ببێتە…» یەکسەر گوتی: «ئەڵڵا، ئەمە ئەم شتە خۆشانەی تیایە بۆیە هەر کتێب ئەخوێنیتەوە.» ئنجا یەکسەر هەستا ڕۆی، بزر بوو.
 باران

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة