Takalami | تكلمي

خانمه‌ چاخۆره‌كه‌

طارق ئاكره‌یى//

چپه‌ چپه‌ ،دڵوپه‌كانى باران به‌ره‌و دوا مه‌نزلگاى خۆیان ، داده‌به‌زین وخۆیان ده‌كرده‌ قوربانى ،له‌سه‌ر شۆسته‌ وشه‌قام وسه‌ربانه‌كانى ئه‌وشاره‌ خامۆشه‌ ، كه‌ ماوه‌یه‌كى درێژ بو ، ئه‌و میوانه‌ ژیان به‌خشه‌ روى تێ نه‌كرد بوو .
بارانه‌كه‌ به‌ گوڕ خۆى ده‌كێشا به‌ سه‌ر دار و به‌رد و به‌سه‌ر سه‌ر و سیماى خه‌لكیدا ، وه‌كو ئه‌وه‌ى سوێندى خواردبێت ، به‌ قوربانى دانى خۆى ، هه‌ندێك تاوانه‌كانى، ئه‌و دۆزه‌خه‌ بشوات و پاك بكاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر شه‌قام وكۆلانه‌كاندا بوون، زۆربه‌یان ده‌ستیان ده‌خسته‌ سه‌ر سه‌ری خۆیان ، بۆ ئه‌وه‌ى بارانه‌كه‌ سه‌ریان نه‌گرێته‌وه‌ ، خه‌لكانى تریش ، به‌ چه‌تر یان به‌هه‌ندێ كیسه‌ى لایلۆنى ره‌نگا وره‌نگ، سه‌رى خۆیان داپۆشى بوو، وه‌كو خۆ پاراستن له‌ ته‌ڕبوون، بێ ئه‌وه‌ى بۆ چركه‌ ساتێكیش له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ئه‌م زینده‌وه‌رانه‌ ، قوربانى دلۆپه‌كانى باران به‌هه‌ند وه‌رناگران و خۆیان له‌ پاكبوونه‌وه‌ ده‌شارن، بێ ئه‌وه‌ى بیرى لێ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ تاوان و گوناهه‌كانیان ، خه‌ریكه‌ به‌سه‌ر یه‌كدیدا له‌ناو روحیاندا قه‌رتماغه‌ ده‌گرێت .
له‌ ناو غژه‌ و هاژه‌ى باران ، و ده‌نگى هه‌ندێ گۆرانى میللى ، له‌گه‌ڵ ده‌نگى به‌مێزدادانى به‌رده‌كانى یارى تاوڵه‌ ، له‌ناو چایخانه‌ مللییه‌كه‌دا ، هه‌راێكیان نابوه‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌وانه‌ى شانازییان به‌ میراته‌كانیان ده‌كرد و ده‌یانپاراست ، خۆیان له‌ناو هه‌را و غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبى جایخانه‌كه‌دا ، له‌ به‌ خوڕ دابه‌زینى دڵۆپه‌كانى باران حه‌شار دابوو . ته‌نها خانمه‌ ناسك و جوانه‌كه‌ نه‌بێت ، كه‌ تا راده‌ى ئاو لێ چۆڕان ، خۆى دابووه‌ به‌ر دڵۆپه‌كانى باران و به‌ چاوه‌ ره‌شه‌ مامزییه‌كانى ، به‌شكۆوه‌ ته‌ماشاى ئه‌و هه‌موو دڵۆپه‌ پر به‌خشنده‌ییه‌ ده‌كرد، كه‌ خۆیان ئه‌كێشا به‌سه‌ر و سییمایدا ، زیاده‌ڕۆیى نییه‌، گه‌ر بلێم ، ته‌نها ئه‌و هه‌ستى به‌ خۆ قوربانی دانى دڵۆپه‌كانى باران ده‌كرد ،دواى ئه‌وه‌ى خه‌مه‌كانى له‌به‌ر لێزمه‌ى باران شۆران ، ورده‌ ورده‌ هات و ڕوى كرده‌ سوچه‌ دیاره‌كه‌ى خۆى له‌ ناو چایخانه‌كه‌دا، هه‌نگاوى ده‌نا به‌ شانازیكردن به‌ته‌ڕبوونه‌كه‌ى، به‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ى ، خۆیان حه‌شاردابوو ، چووه‌ سه‌ر كورسى و مێزه‌كه‌ى ، كه‌ هه‌میشه‌ ، بێ ئارامى خۆى تێدا به‌سه‌ر ده‌بات ، له‌گه‌ڵ ده‌نگى گۆرانییه‌ میللیه‌كه‌دا ، ورده‌ ورده‌ ، ته‌ماشاى ده‌وروبه‌رى خۆى ده‌كرد ، وه‌كو ئه‌وه‌ى به‌دواى سه‌رو سیمایه‌كى ئاشنادا بگه‌ڕێت ، له‌و كاته‌دا چه‌ند دڵۆپه‌یه‌كى وێلى بارانه‌كه‌ به‌ ته‌ڵه‌ قژه‌ ره‌شه‌كه‌یدا، به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ خۆیان شۆڕ ده‌كرده‌، سه‌ر كوڵمه‌ سور هه‌ڵگه‌راوه‌كه‌ى و به‌ وێشدا خویان ئه‌خزانده‌ نیزیك لێوه‌ ئاڵه‌كانى ، به‌هێورى ده‌ستى به‌رزكرد و دڵۆپه‌ عاشقه‌كانى سه‌ر ڕومه‌ت و لێوه‌كانى ، بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌یه‌كى كرد ، بۆ كارمه‌ندى چایخانه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ى چایێكى بۆ بێنن، هێشتا ورده‌ ورده‌ ته‌ماشاى ئه‌ملا و ئه‌ولاى ده‌كرد و له‌ نێو دانیشتواندا به‌دواى كه‌سێكدا چاوى ده‌گێرا به‌ڵام ، هاتنى شاگرده‌كه‌ و دانانى چاییه‌كه‌ ، به‌ئاگاى هێنایه‌وه‌ ، به‌ئاماژه‌ به‌خێر هاتنى كرد ، دیار بوو كه‌ تا راده‌یه‌ك ئاشنابن ، بۆیه‌ به‌خه‌نده‌وه‌ سه‌رى خۆى له‌قاند و سوپاسى كرد ، به‌ڵام چاوه‌ ره‌شه‌ مامزییه‌كه‌ى ماندوو نه‌ده‌بوون، له‌ گه‌ڕان به‌دواى ئه‌و سه‌ر و سیما چاوه‌ڕوان كراوه‌دا ،د ه‌ستى كرد به‌ چا خواردنه‌وه‌ و چایى یه‌كه‌مى به‌په‌له‌ په‌ل خوارده‌وه‌ و له‌گه‌لأ هه‌ر قومێدا نیگه‌رانییه‌كه‌ى زیادى ده‌كرد و جار جاریش ته‌ماشاى كاتژمێره‌كه‌ى ده‌ستى ده‌كرد و هه‌ناسه‌یه‌كى پڕ نیگه‌رانى هه‌ڵده‌مژى، كاتێ باده‌كه‌ى ده‌ستى دانایه‌وه‌ ، ئاماژه‌یه‌كى ترى كرد ، بۆ ئه‌وه‌ى چاییه‌كى ترى بۆ بێنن ، شاگرده‌كان ته‌ماشاى یه‌كتریان كرد و خه‌نده‌یان ده‌هاته‌ سه‌ر لێوان كاتێ چاییان بۆ ده‌هێنا و له‌به‌رده‌میدا دایان ده‌نا ، چاو مامزییه‌كه‌ ، باده‌یه‌كى ترى خوارده‌وه‌ و هێشتا ئاواته‌كه‌ى ، به‌دى نه‌هاتووه‌، هێشتا تامه‌زرۆیى به‌ سه‌ر و سیمایه‌وه‌ دیاره‌، له‌و كاته‌دا چه‌ند دڵۆپه‌یه‌كى بارانه‌كه‌، به‌بێ ئومێدى ، له‌سه‌ر ڕومه‌تى دێنه‌ خواره‌وه‌ و خۆیان بۆ جارى دووه‌م ده‌كه‌نه‌ قوربانى، بۆ شوشتنى خه‌مه‌كانى، به‌ڵام بێ ئۆقره‌یى و نیگه‌رانى، زیاتر ده‌بێت، ته‌ماشاى كاتژمێره‌كه‌ى ده‌كاته‌وه‌، به‌ نوكى په‌نجه‌كه‌ى له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ ده‌دات و چاوێك به‌ نوسینه‌كانى سه‌ر مێزه‌كه‌ ده‌گێڕێ ، شته‌كانى خۆى كۆ ده‌كاته‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ى هه‌ڵسێته‌وه‌ سه‌ر پێ، پێنووسه‌كه‌ى ده‌رده‌كات و ده‌ست ده‌كات به‌ نووسینى چه‌ند وشه‌یه‌ك له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ و هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ى چایخانه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر خۆى بخاته‌ به‌ر لێزمه‌ى بارانه‌كه‌ و ئه‌م جاره‌یان خه‌مه‌كانى بشواته‌وه‌ .
شاگرده‌كان دێنه‌ نیزیك مێزه‌كه‌ و ته‌ماشاى نووسینه‌كه‌ ده‌كه‌ن،ده‌بینن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى جوان نووسراوه‌ ” ئازیزم ئه‌م جاره‌ش هاتم وچاوه‌ڕوانم كردى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ بارانیش هات، به‌ڵام تۆ هه‌ر نه‌هاتى ”
ئیمزا خانمه‌ چاخۆره‌كه‌ ….
…………………………………………………………………………………………………………………………..

25-1-2018

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا