Takalami | تكلمي

غروری” با ” و ئالودەبونی سیزیف، یا مانفێستی فەنابوون… خۆێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ هایکۆ شیعرێکی شاعیر تاهیڕ ئاهەنگەریی ..

 نوسینی: جمال نوری//
کاتێک ، زانستی دیاردەکان و سروشتیەتی هەبوەکانی ناو سروشت ، کە بەمانا گريکیەکەی بە( فینۆمۆنۆلۆژیا ) العلم الظاهراتية واتای زانستی فۆرمەکان ، دەبێتە چەمکێکی مەعریفی و جەمالی بۆ تێڕوانینی اینسان لە دەوروبەرو سروشت ، ئیدی ، هزری مرۆڤ لێرەوە وردترو بەمانایەکی تر لەشتەکانی دەوروپشتی خۆی دەڕوانێ ، بەپێی جۆرێتی مادەکان مامەڵە دەکات ،لەپێناو ڕاگرتنی هاوسەنگیەک ، لەنێوان بونی ئينسان لەتەک سروشت و دەوروبەری ، ئەم هاوسەنگییە پێویستی بە جوڵە و ووزەی مرۆڤ هەیە ، پێی هەڵبستێت ، بەڵام کاتێک ئەمە لەلای شاعیر تەوزیف دەکرێ ، دەبینین ، زانستی سروشت و جوانی و وێناکردنی سروشتی بونی سروشت لەناو خودی جوانیدا ، مەودای خەیاڵ و واقیع لە تێڕوانین و ڕامانی شاعیر دا هێندە نزیک دەبنەوە لەیەک ،واهەست بکا کەسێکی موتەڵەقی کاتێک بەر دەقێکی شیعری”ئاهەنگەریی” شاعیر بکەوێ ، هەست بە هاڕمۆنی و ئاوێتە بونی خەیاڵ و واقیع لە ناو دەقەکەی شاعیردا بکات ، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە زمان و کەرەستەی نوسین لای ئاهەنگەریی ، بەشێوەیەکی جوان به کار دەبرێ ، واتە شاعیر تەمتومان بە ووشە کانەوە دەکات و فۆرمێکی شیعرییان پێدەبەخشێ ، ئەوەی بەر دەقی ئاهەنگەریی بکەوێ ، هەست بە سەرکەووتویی شاعیر دەکا لە بارەی زمان و فەرهەنگی ووشەوە ،لەم دەقەدا ; ئاهەنگەریی ، دەڵێ; غروری” با ” دەشکێنم ئەگەر بزانم بۆنت بۆکەسێکی …تر دەبا… شاعیر ، لە ناو پرۆسیسی عەشقەکەیدا ، وا بەنیازە بگاتە ئاستی فەنا بوون ، کەقۆناغی پێش کۆتای عیشقە ، لەو ڕێگایەشدا مانێفێستی بۆ نوسیوە و دەیەوێ بە شێوەیەکی دروست مامەڵە بکات ،بۆ گەیشتنی بەو قۆناغە، واتە مانێفێستی عیشقەکەی بە چەشنێک داڕشتوە وەک زمانی نوسینەوەی موزیک ، کە نۆتەیە ، کاتێ عاشقێکی موزیک بیەوێ بە شێوە دروستەکەی فێر ژەنینی ئامێریکی موزیک ببێ ، دەبێ سەرەتا ئاشنایی پەیداکردبێ لەگەڵ نۆتەکان ، تاوەکو بەشێوەیەکی ساغڵەم بە ئامێرە موزیکیەی ، ئاوازێ بژەنێ ، کەلەناو خۆیدا بلاوێنرێ و هەستە باڵاکانی خودی خۆی تێر کردبێ ، ئەوکات دەبێتە فاکتەرێکی پۆزەتیف بۆ ئاسودەگی ڕۆح ، کەی موزیسانێ توانی لەڕێگای ئامێرەکەیەوە ، ئەوە تەوزیف بکات ، کە تەواوی هەستە باڵاکانی دەهێنێتە جۆش و غرۆش ، یا بەددیوێکی تردا ئارامی و ئاسودەگی بۆ دەروون و ڕۆحی دەهێنێ ، ئەوا دەتوانین بڵێین ، ئەو مرۆڤە ، بەرنامەو نەخشە ڕێگای هەیە بۆ گەیشتنی بە هێنانەدی خەونەکانی ، وەلەپێناو گەیشتنی بەخەونە گەورەکەی ، ئەو لەمپەرانەی دێنە ڕێگای و دەیانەوێ بەلاڕێدا بیبەن ، ئەوا تەواوی هزرو ووزەی دەخاتە گەڕ بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگاکەی ، واتە ئەو نایەوێ لەبەردەم لەمپەرەکاندا ، دەستەوەستان دابنیشێ ، و چاوڕوانی گۆدۆیەک بکات ، ببێتە فریاد ڕەسی ؟ چون ئەو دەمەی ئیرادەی لاواز بوو بە توانا شاراوەو لەبن نەهاتوەکانی ، بەهزرو تێڕامانەکانی ، بە بچوک کردنە،وەی خەونەکەی ، ئەوا دەر ئەنجام ناتوانێ لەدورگەی حەقیقەت بپەڕێتەوە و بگات بە کەناری ئارامی ؟ لەبەرامبەر ئەمانەشدا کە پێویست دەکا هەنگاوی بۆ بهاوێ ، بەڵام لە نیوەی ڕێگا کەی ، دووچاری ڕاڕایی و لاوازی و بە کەم بینینی هێزە شاراوەکەی خۆی هانا بۆ گۆدۆیەک ببات لەسەروو ئیرادەی خۆیەوە ، ئەوا دەرئەنجام ، هەر دەبێ( لە چاوەڕوانی گۆدۆ دابێ )*1. بەڵام کارەکتەرەکەی دەقە شیعریەکەی ئاهەنگەریی بەهیچ جورێک ڕێگا نادات ، مل کەچ و سەری نەوی نابێ لەبەردەم لەمپەری بەردەمی نیوە ڕێگاکەی کە بڕیویەتی ، بەڵکو گیانی بەرەنگاریی و متمانە بەخۆبوون بەو عیشقە بێ هاوتایەی ، دەیگەیەنێتە ئەو حەقیقەتەی ، هەر بەربەستێ بێتە ڕێگرو بەلاڕێدابردنی ، تاوەکو مانێفێستەکەی کە بڕوای پێ یەتی کە بە ڕژانی ئارەقەی ماندوو نەبوون و ئەندێشەو ژان و چاوەڕوانی پێکیهێناوەو بە تەمەنی خۆیی نوسیویەتی ، پووچگەرا دەربچێ !بەلێ کاراکتەرە زیندوەکەی ناو دەقەکەی ئاهەگەریی ، بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ” با ” وە مەلەی خۆی دەکات ، لە ناو بوونی دژە با کان دا ، گەردەلوولێ چێ دەکا ، بۆ پاکبوونەوەی تەواوی لەمپەری بەردەم ڕێگاکەی ، نەک وەک( سیزیف)*2 بێ ، هەمیشە و بەردەوام معتاد بوبێ لەسەر پرۆسیسی بردنە سەرەوی بەردەکە و پاشان غلۆر بونەوەی بە هۆی لەپەرەکانەوە ، جارێکی تر و سەدان و هەزاران جاری تر و بەبەردەوامی پرۆسیسی بردنە سەرێ ی بەردەکە بگرێتەوە بەرو غلۆر ببێتەوەو ببرێتەوە سەر ی شاخ . ئەمە نیشانەی ئالودەبونی سیزیفە بە خولانەوەی خۆی لەناو بازنەیەکی داخراودا ، تاوەکو تەواوی هێزو ووزە لەبن نەهاتوەکەی خۆی لەبن دێنێ بەیەکجاری و دواتر دەبێ هانا بۆ فریاد ڕەسێ ببات وە فریایی کەوێت . جمال نوری 18/3/2019 Bagdad
تێبینی / *1_ لەچاوەڕوانی گۆدۆدا .. دەقێکی شانۆیی بەناوبانگی جیهانە ساموێل بێکێت نووسیویەتی: ساموێل بێکیت دەڵێت: “ئەو کاتەی ماندوو بوویت، ئەو کاتەی لە پەلوپۆ کەوتیت، گرینگ نییە، دیسان بەرگری بکە، دیسان تێ بکۆشە و شکست بخۆ. ئەمجارە شکستێکی باشتر بخۆ.” لە ڕاستیدا هەمیشە شکست دەخۆیت و شکست چارەنووسی مرۆڤە.
*2_ سیزیف .. شاکارێکی ئەدەبی ڕۆمانوسی بەناوبانگ  (البیر کامۆیە) خواوەندەکان سیزیفیان مەحکوم کرد بێبڕانەوە گاشەبەردێک بۆ سەر لوتکەی چیایەک سەربخات.
وەختێک سیزیف بەردەکەی سەردەخست، بەردەکە بە هۆی قورسییەکەیەوە بەردەبووەوە بۆ خوارەوە. بەم جۆرە، خواوەندەکان باوەڕیان وابوو هیچ سزایەک ئەوەندەی بەردەوام ئەنجامدانی کارێکی بێمانا و بێهیوا تۆقێنەر نییە.

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة