Takalami | تكلمي

فیلمی ئەسپی تۆرینۆ The Turin Horse

ن:هیوا سەعید//

ساڵی ١٨٨٩ فریدریک نیچە لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا بە ڕێکەوت توشی ئەسپێکی ماندو کە بارێکی قورس ڕادەکێشێ و خاوەنەکەی بە قەمچی لێیدەدا دەبێ، ئەویش بۆ ڕێگری لەم دیمەنە وەحشیە، خۆی دەداتە بەر قەمچییەکە و دەست لە ملی ئەسپەکە دەکا و دەگریێ.
دوای مانگێک لەم ڕوداوە، نیچە لە قسەکردن دەکەوێ و تەواوی پاشماوەی تەمەنی هەتا دەمرێ، بە شێتی دەژی.

کاتێک فەلسەفەی نیچەم خوێندەوە، یەک پرسیارم بۆ دروستبوو، ئەوە چبوو نیچە لێی تێنەگەیشت و بەرگەی نەگرت و شێتی کرد؟!

گشت هەوڵی نیچە لەپێناو فۆرمەکان تێکبشکێنێ و بیانکا بە ماتەر و هەمەکییەکان بکا بە هەندەکی، واتا شەڕی میتافیزیکی دەکرد.

بەڵام کە داوای سوپەرمان و گەورەیی دەکرد و لەوانیتر دوردەکەوتەوە، ماتەرەکان دەبونەوە بە فۆرم و هەندەکییەکان دەبونەوە بە هەمەکی، بە مانای دور لە ئاوەدانی پراکتیکەکان دەبونەوە تیۆر و ئەویش ئەوەی نەدەویست.

لێرەوەیە کامۆ دەڵێ:
کێشەی گەورەی نیچە ئەوەبوو، بە خوایەتی لەدایک نەببوو!

ئەو کاتەشی فوکۆ لەدایکبوو، کە دەبێتە دواهەمین نەوەی نیچە، وتی:
باپیرە گیان، ئەگەر تۆ وابکەی، لە ڕێی هۆش و ئیرادەوە دەسەڵاتێك دروست دەبێ، بەو دەسەڵاتە کۆنتڕۆل دەکرێین و ژیانمان لێ دەبێتە زیندان و ئازادیمان بونی نامێنێ.

نیچە وتی: چارەسەر چییە؟
فوکۆ وتی: لە بەرانبەر هۆش و ئیرادە، هەست و ئارەزو قوت بکەینەوە، بۆ ئەوەی هەمومان لەسەر مێزێکی خڕ دانیشین و کەس لەسەر مێزێکی لاکێشەیی خۆی نەکات بە سەرۆکی ئەوانیتر.

ئەمجارە نیچە پرسی، ئەدی بابەتی ئەخلاق (مۆڕاڵ) چی بەسەر دێ؟
فوکۆ وتی: ئەخلاق جارێک لایەنگری لە هۆش و ئیرادە، جارێکیش لە هەست و ئارەزو بکات.

نیچە وتی: کەواتە دەتەوێ ئەخلاقیش بکەوێتە بن دەسەڵاتی خۆمان؟
فوکۆ وتی: ئەدی تۆ نەتدەویست خوا بمرێ!، ئێ بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەخلاق نەکەین، جارێکی تر ڕۆڵی خوایەتی دەگێڕێتەوە.

نیچە وتی: باشە ئێمە چ جۆرە بونەوەرێکمان لێ دەردەچێ؟
فوکۆ وتی: تێکەڵەیەک لە خوا و مرۆڤ.

نیچە وتی: ئەمەیان چ بونەوەرێکە؟
فوکۆ وتی: ئەو بونەوەرە هونەرمەندە، ژیان لەلای ئەو پڕۆژەیەکی هونەرییە، لە هەر کارێکدا کارێکی جیاوازتر بەرهەمدێنێ، دنیای ئەو دنیایەکی جوانی بێ دوبارەبونەوەی ڕەنگاوڕەنگە.

لە کۆتایی نیچە دەستی لەسەر ملی فوکۆ دانا و وتی:
پێش تۆ، گوێم لە کامۆش بو دەیوت: دەبێ سوپاسی هونەر بکەین، لەبەرئەوەی هونەر ژیانمان بەوانیتر دەبەستێتەوە.
فوکۆش لە دڵی خۆی وتی: باپیرە زەینی کوێربوە، ئەوە بیرکردنەوەی خۆیەتی!
باپیرەش لە دڵی خۆی وتی: هونەرێک نەمکاتە خەڵکی بازاڕ.

فیلمی ئەسپی تۆرینۆ، لە دەرهێنانی گەورە سینەماکاری هەنگاری بیلا تارە، جگە لە تەکنیک و هونەری خۆی، لە چەند کاتژمێرێک بە بێدەنگی فەلسەفەی نیچە بەسەر دەکاتەوە.

 

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة