Takalami | تكلمي

كورته‌ چیرۆكى دوا باده‌

طارق ئاكره‌یی//

له‌ دوا ساته‌كانى دوایین دیدارى سه‌فه‌ره‌كه‌ى , به‌ یه‌ك گێرانه‌وه‌ى خه‌مناك , هه‌مو رۆژانى گه‌شته‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ى , له‌ هزریدا دووباره‌ كرده‌وه‌ , له‌گه‌ل یادكردنى هه‌ر چركه‌ ساتێك , به‌ قومێك شه‌رابى سورى خوێناوى , لێوه‌كانى خۆى ئاڵ ده‌كرد , ئه‌و شه‌رابه‌ى كه‌ شه‌وانێكى دور و درێژى كورت ده‌كرد و ره‌نگى په‌ممه‌یى ده‌به‌خشییه‌ ده‌ورو به‌ریان , چركه‌ ساته‌كان له‌ گه‌رمه‌ى چۆرینى ئازاره‌كان و قورسى وشه‌كانى لێكدابڕانى چالاك تر و خێراتر كردبو , ته‌نانه‌ت كاتژمێره‌كانیش فریاى سوڕى میله‌كانى خۆیان نه‌ده‌كه‌وتن , ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان به‌سه‌رنج خۆیا ده‌كرد كه‌ ئه‌و هه‌مو شه‌و ورۆژه‌ى به‌سما و پێكه‌نین , گوزه‌ریان له‌ نێواندا كردبو خه‌ریكه‌ , فریاى چاو هه‌ڵهێنانى كچه‌ قژگلوازه‌ سوره‌كه‌ نه‌ده‌كه‌وت , فریادره‌سه‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌ش ته‌نها به‌هیواى مه‌له‌كردن وسه‌وڵ لێدان بوو له‌ ناو شه‌پۆلى چاوه‌ ئاسمانییه‌كاندا , ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى ده‌ویست كه‌ خه‌مه‌ داهاتووه‌كان له‌ بیر خۆى بباته‌وه‌ , به‌سه‌رنجى نیگا شێداره‌كانى كچه‌ سوركه‌له‌كه‌ , فریادره‌سه‌كه‌ چه‌ندین جار بریارى به‌په‌له‌ و كرچ و كاڵى ده‌دا !؟ , كه‌ ئیدى ئه‌مه‌ گه‌مه‌ێكى قه‌ده‌ره‌ و ده‌بێ به‌و په‌ڕى بڕوابوون به‌و هه‌سته‌ شاعیرانه‌یه‌ و به‌ رێڕه‌وى عشقێكى ناكام , بڕیارى مانه‌وه‌ و درێژه‌دان به‌ ژیانێكى ئه‌فسوناوى بدات , ژیانێك له‌كه‌نارى ئه‌و ده‌ریایه‌ , كه‌ سنوره‌كانى نێوان چاوى شینى كچه‌ سوركه‌له‌ قژ گلوازه‌كه‌ و رابودو وه‌ ره‌شتاڵه‌كه‌یه‌تى .
به‌ هه‌مو به‌رائه‌ت و ناسكى خۆى , پرسیارى لێ ده‌كرد :
— ئاخر بۆچى , ماوه‌یكى تر نامێنینه‌وه‌ ؟ ته‌نها ماوه‌ێكى كورت , باهه‌ندێ تامه‌زرۆییم كه‌م بێته‌وه‌ ؟
كاتێ پرسیارى لێ ده‌كرد , شه‌پۆڵى پڕ فرمێسكه‌كانى , چاوه‌شینه‌كانى سور هه‌ڵده‌گه‌راند و ئیدى رومه‌ته‌كانیشى تواناى هه‌ڵگرتنى , ئه‌و هه‌مو ئازار و مه‌ینه‌تیی و هیوا له‌ گۆر خراوه‌كانى نه‌ده‌ما , فرمێسكه‌كان یه‌ك به‌دواى یه‌كدا , ده‌ستى تكایان ده‌خسته‌ ناو یه‌ك و نوزاكانیان بۆ چاوه‌ هه‌نگوینیه‌كه‌ى فریادره‌سه‌كه‌ به‌رز ده‌كرد, وه‌كو په‌یامبه‌رێكى بێ توانا و بێ هێز , په‌یامه‌كانیان له‌سه‌ر چه‌نه‌ له‌رزۆكه‌كه‌یه‌وه‌ شۆر ده‌بوونه‌ خواره‌وه‌ , به‌ كه‌وتنى هه‌ر فرمێسكیك گه‌ڵایه‌ك له‌ دارى ئومێد , كۆتایى به‌ته‌مه‌نى خۆى ده‌هێنا و خۆى راده‌ستى ,فه‌نابوون ده‌كرد , كاتێ كۆمه‌ڵێك په‌یامى پڕ ئومید خۆیان ده‌كرده‌ قوربانى , ئه‌و ساتانه‌ى كه‌ خه‌ریك بوون له‌ دوا ده‌ست گوشین نیزیك ده‌بوونه‌وه‌ , له‌ وڵامدا , هه‌مو تواناكانى ده‌خسته‌ گه‌ڕ ,بۆ ئه‌وه‌ى دڵنه‌وایى پێ ببه‌خشێ :
— ئا بۆ نا !؟ له‌وانه‌یه‌ مانه‌وه‌م ئومێدێكى زیاترم پێ ببه‌خشێ له‌ ژیاندا , به‌ڵام ؟ !
ئه‌و به‌ڵامه‌ كه‌ ده‌كه‌وته‌ نێو قسه‌كانى , وه‌كو گه‌رده‌لولێك هه‌مو هیوا و ئامانج و خه‌ونه‌ نه‌زۆكه‌كانى , له‌ گۆرى ساته‌ ناكامه‌كاندا , ده‌خسته‌ ژێر خۆله‌مێش و سوته‌كى ,جگه‌ره‌كه‌یانى و چاوه‌شینه‌كانى هان ده‌دا شه‌پۆلێكى ترى فرمێسكى خوێناوى برژێنێ , وه‌كو رێره‌وه‌كه‌ى ڕوبارى (دانوب ) له‌سه‌ر رومه‌ته‌ سورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانى هه‌ڵبكه‌نێ , و ورده‌ ورده‌ خه‌مه‌كانى سه‌فه‌رى وێڵى به‌ره‌و ده‌ریاى نائومێدى و فه‌ناى خۆشییه‌كان ببه‌ن ,
به‌هه‌نیسكه‌وه‌ ده‌یپرسى :
— ئاخر بۆ , به‌ڵام به‌كار دێنى ؟؟ ئه‌ى نه‌گوت , هیواى تازه‌م ده‌بێت ؟!
هه‌مو توانا یاساییه‌كانى پێشوى وجه‌ربه‌زه‌ییه‌كه‌ى , فریاى وڵامى چاوه‌ پڕ فرمێسكه‌كانى نه‌ده‌دا , هه‌ر جارێك ته‌ماشاى (بسكه‌كانى) ده‌كرد , تاڵه‌ قژه‌گلوازه‌كه‌ى له‌ناو پێچه‌كانى خۆیدا , وێڵى ده‌كرد و سه‌رى لێ ده‌شێواند و دووباره‌ , بڕیارى تێكشكاندنى هه‌مو به‌ربه‌سته‌كانى ده‌دا و دونیا له‌ پێش چاوه‌ هه‌نگوینییه‌كاندا وه‌كو به‌هه‌شتێكى پڕ ئومێدى لێ ده‌هات , زۆر جار برواى نه‌ده‌كرد كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان , ئه‌و هه‌مو سۆز و ئه‌وینه‌ له‌ دونیادا , بوونى هه‌بێت ! چونكه‌ ئه‌و لانه‌یه‌ى گوزه‌رى تێدا كردبو ته‌نها كۆمه‌ڵێك كۆت و به‌ند و ده‌روازه‌ى , قه‌ده‌غه‌كراو و نهێنى پڕ ته‌لیسم بوون , كه‌ به‌ هه‌مو جادوكارانى دونیا ناكرێنه‌وه‌ , قه‌د رۆژیك له‌ رۆژان , فرمێسكى ئافره‌تیكى فریشته‌ ئاساى نه‌بینی بو , نوزاى مانه‌وه‌ى لێ بخوازێت .
ده‌نگى چركه‌ چركى كاتژمێره‌ دڵ ره‌قه‌كان , زوو زوو به‌ئاگای ده‌هێنان و زیاتر له‌یه‌كتر نیزیك ده‌بوونه‌وه‌ , یه‌كتریان له‌ناو چاوه‌ پڕ فرمێسكه‌ بێ نازه‌كان له‌باوه‌ش ده‌گرت وهه‌ناسه‌بركێیان توش ده‌بو, له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بوون كه‌پێش رێڕه‌وى چركه‌ساته‌كان بكه‌ون , ئه‌وه‌نده‌ به‌په‌له‌ له‌ده‌ورى باده‌كاندا یه‌كتریان له‌ئامێز ده‌گرت و له‌ناو قوڵایى ناخیاندا ئاوێته‌ى شه‌رابى سورى نێو دڵه‌كانیان ده‌بوون و شه‌رابى چێماوى سه‌ر لێوه‌كانیان , له‌یه‌كتر وه‌رده‌گرت وزیاتر خولیاى سه‌ماێكى شێتانه‌ ده‌بوون .
قژه‌ گلوازه‌كه‌ى به‌یه‌ك خۆبادانێك به‌هه‌مو لایه‌كى ئه‌و شه‌وه‌ پرَ مه‌ینه‌تییه‌ى ئه‌و دوو باڵنده‌ گێویه‌ , سه‌فه‌رى ده‌گرد و ره‌نگى شه‌وه‌كه‌ى وه‌كو خۆى سور ده‌كرد , هاوشێوه‌ى هه‌ورێكى سورهه‌ڵگه‌ڕاوى جلله‌ى زستانیكى سه‌ر سه‌خت , كه‌ بۆشایى ژیانى فریادره‌سه‌كه‌ى داده‌پۆشى و هه‌مو دونیاى له‌ نێو بازنه‌ى تاڵه‌كانیدا به‌ند ده‌كرد , چاوه‌ ئاسمانییه‌كان بێ ئاگا نوقمى گێژاوه‌كانى چاوه‌ هه‌نگوینییه‌كان ده‌بوون و به‌نه‌شوه‌ى توانه‌وه‌یان, له‌ قوڵایى ئامێزى چركه‌ساته‌ دۆڕاوه‌كاندا هه‌رایه‌كى بێ وێنه‌یان ده‌خولقاند , چۆش و خرۆشى دیمه‌نه‌كانى توانه‌وه‌ى خۆشه‌ویستى تاراده‌ى فه‌نابوونیان , به‌ ئاگا ده‌هێنا و هانى چاوه‌شینه‌ سورهه‌ڵگه‌راوه‌كانیان ده‌دا شه‌پۆڵێكى ترى فرمێسك و هه‌نیسكى پڕ ئازار تێكه‌ل به‌یه‌ك بكات و هیواى ده‌خوازت كه‌ ئه‌م ئازار و مه‌ینه‌تییه‌ , مۆته‌كه‌یه‌ك بێت ولێى به‌ئاگا بێته‌وه‌ , وه‌كو پێشو شه‌و و روژى دونیایه‌كى په‌ممه‌یى ده‌وره‌ى بدات , به‌ڵام كاتژمێره‌كان هیچ بوارێكیان نه‌هێشتبو , بۆ ئه‌و خه‌ون وخه‌یاڵه‌ با بردووه‌ , به‌ هیوایه‌كى بریندار دوا باده‌ى پڕ كرد و داینایه‌ سه‌ر لێوى مێزه‌كه‌ , له‌ چاوه‌روانى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ر دووكیان پێكه‌وه‌ له‌و باده‌یه‌ بخونه‌وه‌ وه‌كو هێمایه‌ك بۆ تیكه‌ڵ بوونى روح و جه‌سته‌و هزریان , كاتێ فریادره‌سه‌كه‌ى ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و له‌ به‌ركردنى پاڵتۆكه‌ى هه‌نگاو ده‌نێت وپاسپۆرته‌كه‌ ده‌خاته‌ گیرفانى و كاتژمێره‌ ره‌زا قورسه‌ گران به‌هاكه‌ى له‌ ده‌ستده‌كات و مل پێچه‌ جوانه‌ به‌ده‌ست جینراوه‌كه‌ى له‌ ملى خۆى ده‌ئاڵێنى و به‌ده‌نگیكى پڕ له‌ ئازار ده‌لێت :
— باوه‌رت بێت له‌ نیزیك ترین كاتدا دێمه‌وه‌ , به‌هه‌شته‌كه‌م , دڵنیابه‌ !؟!؟
خانمه‌سوركه‌له‌كه‌ش ئا له‌و كاته‌ كۆمه‌ڵێ فرمێسك و هه‌نیسك , زۆری بۆ دێنن كه‌ به‌هه‌مو شێوه‌ێك هه‌وڵ ده‌دات , بۆ ئه‌وه‌ى ئازاره‌كانى بیشارێته‌وه‌ و بارودۆخكه‌ خه‌مناكتر نه‌كات , به‌ڵام هه‌نیسك و گریانى تێگه‌ڵاو بوو له‌گه‌ل پیچه‌كانى تاڵه‌ قژه‌ گلوازه‌كه‌ى كچه‌ سوركه‌ڵه‌كه‌ , ڕایده‌پیچێ به‌ره‌و قوڵایى ناخه‌ پڕ ئازاره‌كه‌ى , به‌ وردى و به‌ هێمنى ئاور بۆ كچه‌ چاوشینه‌ ئاسمانییه‌كه‌ ئه‌دا و به‌هه‌مو هێز و توانایه‌كه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت وله‌ ئامێزى ده‌گرێت وبه‌په‌ڕى گڕو تینه‌وه‌ , ماچێكى قوڵى لێوه‌ ئاڵه‌كانى ده‌كات و به‌په‌له‌ جانتاكه‌ى هه‌ڵده‌گرێ و به‌ره‌و ده‌روازه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ هه‌نگاو ده‌نێت , كچه‌ چاوشینه‌ كه‌ , هه‌وارى پڕ ئازارى خۆى قوت ده‌دات و وه‌كو چیاێكى ده‌روخێته‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ى و به‌چاوى پڕ فرمێسك و ئازاره‌وه‌ , له‌ هه‌نگاوه‌كانى ده‌ڕوانێ , له‌ نكاو چاوى به‌ باده‌ شێداره‌ جێماوه‌كه‌ ده‌كه‌وێت , وه‌كو چاوه‌كانى خۆى دوو دڵۆپه‌ فرمێسكى لێوه‌ دێته‌ خواره‌وه‌ روى مێزه‌كه‌ ته‌ڕ ده‌كات , دوایین نیگاى هه‌ڵدینێ ته‌ماشاى فریادره‌سه‌كه‌ى ئه‌كات , كاتێ سوارى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى ده‌بێت , ئه‌ویش بارێك نا ئومیدى ده‌كاته‌ هاورێى خۆى و ورده‌ ورده‌ هه‌ڵده‌ستێت پاڵتوكه‌ى له‌به‌ر ده‌كات و به‌ره‌و ژیانى ته‌نیایى هه‌نگاو ده‌نێت و باده‌ خه‌مناك و گریاوه‌كه‌ش له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ به‌جێ ده‌هێڵێ, به‌ هیواى ئه‌وه‌ى , له‌ نیزیكانێكدا پێكه‌وه‌ بیخۆنه‌وه‌ , و جارێكى تر لێوه‌كانى ئه‌شق به‌شه‌رابى سورى خوێناوى ته‌ڕبكه‌نه‌وه‌ ……. ؟!
كۆتایى
……………………………………………………………….

هه‌ولێر 5 -4-2018

تعليقات

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة

%d مدونون معجبون بهذه: