Takalami | تكلمي

ماردین عەبدولکەریم: بەشداری ژن لە هەڵبژاردن، هاوکێشەکە لەبەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕێت

جێگر خدر  //

ماردین عەبدولکەریم ، رۆژنامەنوس و چالاکی مافەکانی ژنان ، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی “شرۆڤەی خەندان” ، کە بەرنامەیەکی رادیۆی خەندانە، هۆکارەکانی بەردەوامبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەخاتە ڕوو ، دەشڵێت ژنان دەتوانن بە دەنگدان، هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن.

خەندان: دوای 27 ساڵ، تا ئێستا داتاکان، کەمبونەوەی بەرچاوی رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنانمان پێناڵێن، هۆکاری ئەمە چییە؟

ماردین عەبدولکەریم: 27 ساڵ تەمەنێکی زۆرە ، لەوە دەرچووە کە بە ساوا یا تازە و پێنەگرتوو ناوی بێنین، بەڵام هەوڵەکان روخێنەربوون و بونیادنەر نەبوون ، ئەگەر لە پەروەردەوە دەستپێبکەم ، پەروەردەی ئێمە تەندروست نەبووە ، رۆڵی پەروەردە زۆر گرنگە ، چونکە مەرج نییە هەموو دایک و باوکێک پەروەردەکاربن، بۆیە قوتابخانە ئەو شوێنەیە کە دەبێ لێیەوە فێری ببن، لەراستیدا مامۆستایانیش کە بەشێکی زۆری ژنانن رەنگە ئەو ئەرکەمان بەجێ نەهێنابێت، ئەوە لایەنێک،هۆکارێکی دیکەش رێکخراوەکانی ژنانن ، ئەو رێکخراوانە دابەشی حزب بوون و کاریگەری حزبییان پێوە دیارە.

خەندان: چی بکرێت تا رێکخراوه‌كانى ژنان بە ئەرکی خۆیان هەستن؟

ماردین عەندولکەریم : باشترین شت یەکخستنی ئەو رێکخراوانەیە ، هەبوونی ئەو فرە حزبییە، فرە رێکخراوەیی بەرهەم دێنێت، هەر لە سلێمانی حەوت حزب بوونی هەیە ، هەموو تواناکان پێویستە یەکبخرێت و دوور لە ئایدیای حزبی کاربکرێت ، نەوەک دابەشی هەر حەوتی ببێت هەروەها پێویستە پەیامی ئاشتی هەڵبگرین کە پەیامی ژنانە.

خەندان: دەوترێت کلتوری ئێمە کلتورێکی پیاوسالارە و رێگەخۆشکەر نییە بۆ دەرکەوتنی ژن ، لە هەمانکاتدا  ئەوە ژنانی کوردن لە رۆژئاوای کوردستان جیهانیان سەرسام کردووە ، لێکدانەوەت بۆ ئەوە چییە؟

ماردین عەبدولکەریم : ئەوە حزبەکانی ئێمەن کە نەیانتوانیوە کادری باش دروست بکەن، ئەگەر سەیری رۆژئاوا و باکوری کوردستان بکەی ، حزبەکانی ئەوێ رێگەیان بۆ ژنان کردووەتەوە تا بێنە پێش و ببن بە سەرۆک و هاوسەرۆک، ئەوان دەتوانی دەوڵەتیشیان تەسلیم بکەی، چونکە پێگەیەندراون بە کادیری دوور لە روئیای حزبی.

خەندان : لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان  بەرێوەبەرایەتی و  نوسینگە و بارەگای رێکخراوەکانی تایبەت به‌ ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی بوونی هەیە ، ئەو لایەن و شوێنانە بۆ لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون؟ 

ماردین عەبدولکەریم : پێویستە هەموو رێکخراوەکان یەکبخرێن، بەڵام گەر سەیر بکەی لیژنەی کار و باری ژنان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێندرێت! ، بەڵام من هەموو خەتاکە ناخەمە ئەستۆی پەرلەمانتارە پیاوەکان ، چونکە وەک بڵاو کرایەوە، ئەو لیژنەیە پێویستی بە حەوت کەس هەبووە بەڵام تەنها پێنج ژن ئامادەبوون ببنە ئەندام ، بۆیە من پێم وایە هەموو ئەو توانایانە پێویستە یەکبخرێن و لەم دابەشبوونە دەرچێت.

خەندان: میدیای کوردی، چ رۆڵێکی هەبووە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ پرسی ماف و داواكانى ژن كردووه‌؟

ماردین عەبدولکەریم : میدیای ئێمە حزبیین، پێویستە میدیا بێلایەن بێت و پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت، ئەو حزبیبوونە کاری لە گەیاندنی پەیام کردووە ، رۆچۆتە تەنانەت ریزبەندی هەواڵەکانیشەوە ، بۆیە کەمتر بایەخی بەو پرسانە داوە .

خەندان : میدیا دەتوانێ چی بکات بۆ پرسى ژن؟

ماردین عەبدولکەریم : میدیا دەنگی دەگاتە هەموو ماڵێک، لە رێگەی تەواوی ژانرەکانییەوە ، پێویستە  لۆبی دروست بکرێت ، کە ژن وەکو مرۆڤ سەیر بکرێت ، نەوەکو جیاوازی زەق بکاتەوە.


خەندان : ئەو رێکارانە چین کە پێویستە میدیا بیگرێتەبەر سه‌باره‌ت به‌ پرسى ژن؟

ماردین عەبدولکەریم : دەرچوون لە پەیامی حزبی و هەڵگرتنی پەیامی ئاشتی ، هەروەها بەرنامە دابنرێت کە لە پەروەردەوە دەست پێبکات ، کە چۆن مامەڵە بکرێت ، بۆ نمونە من پێم وایە ئەو کەسەی هاوسەرگیری نەکردووە ، نابێت لە دایەنگا دەوام بکات، چونکە دایکایەتی ئەزموون نەکردووە ، ناتوانێ سۆزی هەبێت ، پرۆگرامی دیکەی میدیایی زۆرن کە رۆڵ دەبینن لە پەروەردەکردن و باشترکردنی دۆخەکە.

خەندان : سۆسیال میدیا کە دیاریدەیەکە ، هەموانی سەرقاڵ کردووە ، دۆخی ژنانی بە کوێدا بردووە ؟ 

ماردین عەبدولکەریم : من خۆم کاری رێکخراوەیی دەکەم و زۆر چالاکیمان هەبووە بۆ ئەو پرسە ، بەراستی ئەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە ئێمە تاچەند هۆشیارییمان هەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا؟ ، ئێمە راپرسیشمان کردووە ، زۆرینەی بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیا لای ئێمە بۆ کات بەسەر بردنە ، نەیتوانیوە سود لە لایەنە باشەکانی وەرگیرێت ، ئەگەر بتوانین ئەوێ (تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان) شوێنێکی باشه‌ تا پەیامی پرسەکانی ژن بگەیەنین .

خەندان : بە بۆچوونی تۆ پێگەی ژن لە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە ؟

ماردین عەبدولکەریم : ئەمەش رێک پەیوەستە بە حزبەوە کە پێشتر باسم کرد ، ئەوە حزبەکانن بڕیار دەدەن کێ سیاسەت بکات و کێ بەشدار بێت ، ئۆرگانى حزبەکان بە رێژەیەکی کەم ژن بەشداری پێدەکه‌ن، هەر ئەوانیشن دەسەڵاتەکان دەگوازنەوە بۆ خوارەوە و کۆمەڵێ خەڵک دەستنیشان دەکەن لە جومگە سەرەکیەکان کە گوێڕایەڵی خۆیانن، ئەوە هۆکارە سەرەکیەکەیە کە رێگە نادات ژنان لە کایەی سیاسیدا بێنە پێش، به‌ڵام هه‌وڵیش هه‌ن و له‌ ئارادان كه‌ ئیدى رۆڵ بۆ ژن بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیان پێ بدررێت هاوشانى پیاوان.

خەندان: بۆچی لە هەڵبژاردنەکان ژنان ئەو بابەتە یەکلایی ناکەنەوە ؟ بەشداربوونی ژن لە هەڵبژاردنەکاندا ناتوانێ ئەو هاوکێشەیە بگۆڕێت؟

ماردن عەبدولکەریم : بەشداری ژن لە هەڵبژاردن، هاوکێشەکە لەبەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕێ ، چونکە بەپێی هەمو سەرژمێرییەکان، رێژەی رەگەزی ژن بەرامبەر بە پیاو زۆر زیاترە، بۆچی ئێمە نەتوانین هاوکێشەکە بگۆڕین لە کاتی دەنگدان؟!، یان با قسەیەکیش لەسەر خۆمان بکەم وەک  ژن ، کاتێ ژنێک کاندید دەبێت بۆ بە هەموومان دەنگی پێنەدەین ؟ ، بۆیە زۆر گرنگە ژن بەشدار بێت لەم هەڵبژاردنەی لە پێشماندایە .

خەندان : زۆرینەی ئەو ژنانەی دەگەنە پەرلەمان یاخود ئەنجومەنەکان، بە سیستمی کۆتا دەچن، چۆن دەتوانرێ ئەوە بگۆڕدرێت؟

ماردین عەبدولکەریم: لای ئێمە ژن کەمتر دەچێ بۆ دەنگدان، هەندێ جار پیاوەکان رێگرن لەبەردەم چوونیان یان بەشداریکردنیان ، هاوکاتیش ، خێڵ و عەشیرەت رۆڵی زۆریان هەیە بۆ ئاراستەکردنی دەنگدەر، بۆیە داوا دەکەم لە سەرۆک عەشیرەتەکان، رۆڵێکی ئەرێنیان هەبێ لەو دەنگدانە ، داواش لە ژنان دەکەم بەگوڕ و تینەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن  و چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن و دەنگ بدەن بە ژن .

خەندان : پێویستە ژن دەنگ بدات بە ژن؟ ، ئەوە جیاوازییەکە تۆختر ناکاتەوە؟

ماردین عەبدولکەریم: بابەتەکە جیاوازی نییە ، کۆمەڵگە بە هەردوو رەگەزەوە جوانە ، بەڵام ئازاری ژن ،ژنێک باشتر لێی تێدەگات نەوەک پیاو، پیاوان دەتوانن نوێنەرێکی باشبن ، بەڵام کاتێک دێتە سەر ئازارەکان ، ژنان خۆیان باشتر لەیەکتری تێدەگەن .

 

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا