Takalami | تكلمي

نادیه‌ ده‌یه‌وێت بڕاندێكی جیهانى له‌ جانتا و پێلاو به‌رهه‌م بهێنێت…

تتطلب عرض الشرائح هذه للجافا سكريبت.

بدوێ: فه‌رمان سادق//

حه‌ز و خولیای نه‌خشاندن دواجار نادیه‌ ده‌كاته‌ هونه‌رمه‌ند و ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ خه‌ونى پێوه‌ ده‌بینى، دواى بوون به‌ دایك ده‌یهێنێته‌ دی.
نادیه‌ عه‌بدوڵڵا خاتوونێك له‌ ته‌مه‌نى 37 ساڵیدا یه‌كه‌مین پێشانگاى تایبه‌تی نه‌خشاندن له‌سه‌ر جانتا و پێڵاو و ئێكسسوارات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌  سه‌ره‌تاى مانگی داهاتوو له‌ سلێمانی بیكاته‌وه‌.
له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ “بدوێ” نادیه‌، ورده‌كاری چۆنیه‌تى ده‌ستپێكردنى نه‌خشاندن له‌سه‌ر جانتا و پێڵاو و پڕۆژه‌كانى داهاتووی ده‌خاته‌ڕوو، نایشارێته‌وه‌ ویستى هه‌یه‌ یه‌كه‌مین بڕاندی جانتا و پێڵاوی كوردی به‌ناوی خۆیه‌وه‌ له‌ ئاستى دنیادا بیناسێنێت.

بدوێ: ئه‌گه‌ر له‌و پرسیاره‌ كلاسیكییه‌ ده‌ستپێ بكه‌م، حه‌ز و خولیاى نه‌خشاندن له‌سه‌ر جانتا و پێڵاو بۆ كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
نادیه‌ : هه‌ر له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ ئه‌و حه‌ز و خولیایه‌م هه‌بووه‌، كاتێك پێڵاو یان جانتا یان هه‌ر جلوبه‌رگێكم كڕیوه‌ ده‌ستكارییه‌كم كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هی هیچ كه‌س نه‌چێت، ته‌نیا بۆ خۆم كارم كردووه‌ و جارجاریش بۆ ده‌سته‌ خوشكه‌كانم كارم كردووه‌.
به‌ڵام پڕۆژه‌ی نه‌خشاندن له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كان به‌ دیاریكراوی چوار مانگه‌ ده‌ستم پێى كردووه‌، نه‌خشاندن له‌سه‌ر پێڵاوی ژنان و جانتا و جلوبه‌رگی كوردی و گواره‌ و ئێكسسوارات، به‌ڵام له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا بۆ خه‌ڵك له‌سه‌ر پێڵاو و جانتا نه‌خشاندن ده‌كه‌م و بڕیاره‌ له‌ دووى ئاب یه‌كه‌مین پێشانگای تایبه‌ت به‌خۆم له‌ سلێمانى ده‌كه‌مه‌وه‌.

بدوێ: كه‌س هه‌بووه‌ هانت بدات دوكانێك یان ماڵێك دابنێیت بۆ فرۆشتنى كاره‌كانت؟
نادیه‌ : هه‌موو هاوڕێكانم هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ ئه‌وه‌یان له‌ من دیوه‌ كه‌ شته‌كانم جیاوازن و به‌رده‌وام  پێیان وتوم ستایلێكی تایبه‌تت هه‌یه‌، ئه‌مه‌ هانده‌رم بووه‌ به‌رده‌وام بم و هه‌وڵبده‌م شته‌كانی كه‌سانى تریش ببینم.

بدوێ: كاره‌كانت له‌ كوێ نمایش ده‌كه‌ی بۆ فرۆشتن؟
نادیه‌ : له‌ قاوه‌خانه‌ى ماڵی پاشا له‌ سلێمانى ژوورێكم هه‌یه‌ ته‌نیا پێڵاوه‌كان نمایش ده‌كه‌ن، چونكه‌ پێش من كه‌سی تر هه‌بووه‌ كاری نه‌خشاندن له‌سه‌ر جانتا ده‌كات و ژووری گرتووه‌، كه‌سانی تریش هه‌ن جلوبه‌رگی كوردی نمایش ده‌كه‌ن. بۆیه‌ له‌وێ ته‌نیا پێڵاوه‌كانم نمایش ده‌كه‌م و كاره‌كانی تریشم هه‌ر هه‌مووی له‌ دیواری تایبه‌تى خۆم له‌ فه‌یسبووك نمایش ده‌كه‌م.

بدوێ: به‌و پێیه‌ى به‌شی ئاماری له‌ كۆلیژى كارگێڕی و ئابووری، بیرت له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كاره‌كه‌ى ده‌یكه‌یت بیكه‌ت به‌ كارێكی بازرگانى و زیاتر بناسرێت یان هه‌ر هه‌وڵێكی تاكه‌ كه‌سی ده‌بێت؟
نادیه‌ : بێگومان هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنم ده‌مه‌وێت جانتا و پێڵاوه‌كان هه‌ر له‌ چه‌رمی خاوه‌وه‌ خۆم دروستى بكه‌م و بیان نه‌خشێنم، به‌ناوی بڕاندی نادیه‌ به‌ دنیایان بناسێنم، هاوشێوه‌ى بڕاندی بیوتى و زارا و شانێڵ كه‌ زۆر نایاب و تایبه‌تن به‌ڵام نرخیشیان زۆر گرانن، منیش ده‌مه‌وێت له‌ رێگای بڕاندی نادیه‌ جانتا و پێڵاوی هاوشانى ئه‌وان دروست بكه‌م و به‌ نرخێكی گونجاو بیانفرۆشم كه‌ كچان و ژنانی كورد لێیه‌وه‌ سوودمه‌ند بن.

بدوێ: بێگومان ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ فراوانتر ببێت، سه‌رمایه‌ی پێویسته‌؟
نادیه‌ : ده‌مه‌وێت سوود له‌ داهاتی فرۆشی كاره‌كانم وه‌ربگرم، بێگومان پێویستم به‌ كه‌سانى تریش ده‌بێت كارم له‌گه‌ڵ بكه‌ن. ئێستا له‌ سه‌ره‌تای كاركردن دام هێشتا هیچ وه‌به‌رهێنێك به‌ پیر كاره‌كانمه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فراوانتری بكه‌م.

بدوێ: نرخه‌كان چۆن ده‌بێت؟
نادیه‌ : وه‌ك ئاشكرایه‌ كاری ده‌ست نرخی گرانتره‌، چونكه‌ هاوشێوه‌ی نیه‌ و كۆپی هیچ شتێك نیه‌، ئه‌مانه‌ واده‌كات نرخه‌كه‌ گرانتر بێت. نرخی جانتاكان له‌ 45$ بۆ 100$ ده‌بێت.

بدوێ: سوود له‌ نه‌خشی كه‌سانى تر وه‌رده‌گری، ئه‌وانه‌ى بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌؟
نادیه‌ : سوودیان لێوه‌ده‌گرم به‌ڵام كۆپیان ناكه‌م، چونكه‌ كاری نه‌خشاندن زیاتر حه‌زه‌ و خه‌یاڵكردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانی چی له‌سه‌ر ئه‌و جانتایه‌ یان پێڵاوه‌كه‌ ده‌نه‌خشێنی. جاری وه‌ها هه‌بووه‌ دوو رۆژ كارم له‌سه‌ر جانتایه‌ك كردووه‌ دواتر هه‌موویم هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ چونكه‌ به‌ دڵم نه‌بووه‌.

بدوێ: بیرت له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ سوود له‌ نه‌خش و نیگاری كه‌له‌پووری كوردی وه‌رگری؟
نادیه‌ : ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر پێڵاوه‌كان بكه‌م، سێ مۆدێله‌. پێڵاوی مۆدێرن و پێڵاوی سپۆرت بۆ كچان و ئه‌وه‌ى تر كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ كه‌وشی ژنى جاران ده‌چێت، واته‌ سوودم له‌ كه‌له‌پووری كوردی وه‌رگرتووه‌.

بدوێ: جانتایه‌یه‌ك به‌ چه‌ند سه‌عات كاری نه‌خشاندنى له‌سه‌ر ده‌كه‌ی؟
نادیه‌ : له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كاری نه‌خشاندن حه‌ز و خولیایه‌، پێوه‌ست نیه‌ به‌ كاته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ى جار به‌ دوو رۆژ ته‌واوی ده‌كه‌ن.

بدوێ: كه‌س هه‌بووه‌ داواكاری تایبه‌تی هه‌بوو بێت و كارت بۆی كردبێت؟
نادیه‌ : به‌ڵێ ژن هه‌بووه‌ له‌ پێشانگاى فاشیۆن گروپ داواكاری هه‌بووه‌ و كارم بۆی كردووه‌.

بدوێ: ئه‌وانه‌ى خواستیان له‌سه‌ر كاره‌كانت هه‌یه‌ زیاتر له‌ چ ته‌مه‌نێكن؟
نادیه‌: وام بیر ده‌كرده‌وه‌ زیاتر كچه‌ گه‌نجه‌كان حه‌زی پێ بكه‌ن، به‌ڵام ژنی ته‌مه‌ن سه‌رووی 60 ساڵیش هه‌بووه‌ زۆر به‌ حه‌زه‌وه‌ هاتوون و داوایان كردووه‌، ئه‌وه‌ زۆر دڵخۆشی كردم كه‌ به‌ دڵی ئه‌وانیشه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ كاره‌كانم ره‌نگم زۆر به‌كارهێناوه‌ و له‌و باوه‌ڕه‌ بووم زیاتر به‌ دڵی گه‌نجه‌كان بێت.

بدوێ: ئێوه‌ ژیانى هاوسه‌ریتان پێكهێناوه‌، كاری نه‌خشاندنیش كاتى زۆری پێویسته‌، چۆن كاته‌كانت دابه‌ش ده‌كه‌یت؟
نادیه‌ : به‌و پێیه‌ى فه‌رمانبه‌ر نیم و ژنى ماڵم، مناڵه‌كانیشم گه‌وره‌ بوونه‌ و كاتى زۆرم لێ ناگرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت كاتێك بدۆزمه‌وه‌ كه‌ گونجاوه‌ بۆ كاره‌كانم.
هاوسه‌ره‌كه‌م پشتگیری كاره‌كانم ده‌كات، ئه‌و ئه‌ندازیاری ته‌لارسازه‌ زۆرجار تێبینى له‌سه‌ر كاره‌كانم ده‌ڵێ، زۆرجار سوودیان لێوه‌رده‌گرم.

پڕۆفایل:
نادیه‌ عه‌بدوڵڵا شێخان له‌ دایكبووی 1981، ده‌رچووی به‌شی ئامار كولیژى كارگێڕی و ئابووری زانكۆی سلێمانى ساڵى 2004.
نادیه‌ ساڵى 2002 ژیانى هاوسه‌ری پێكهێناوه‌ و دوو كوڕی هه‌یه‌ به‌ ناوه‌كانى پاكۆ 15 ساڵان و میلان 14 ساڵان.

هه‌ر له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ خولیاى كاری نه‌خشاندنى له‌سه‌ر جانتا و پێڵاو هه‌بووه‌، ماوه‌ی چوار مانگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كیدا كه‌ مه‌به‌ستیه‌تى دواتر وه‌ك بڕاندی نادیه‌ بناسرێت، كاری نه‌خشاندن ده‌كات.

تعليق واحد

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة

%d مدونون معجبون بهذه: