Takalami | تكلمي

نامەی مارکس بۆ (جێنی)ی هاوژینی

و. حەمەسەعید حەسەن//

هەمیشە لە زەینی خۆمدا قسەت لەگەڵدا دەکەم، دەیشزانم نە گوێت لێم دەبێت و نەدەیشتوانی وەڵامم بدەیەوە. با وێنەکەت کە هەمیشە لەبەر چاومە، شێواویش بێت، لای من هەر جوانترین وێنەیە. وێنەی مەریەم بە چاوپۆشین لەوەی جوان کێشرابێت یان نا، ئەو خەڵکە هەر کڕنووشی بۆ دەبەن، منیش وێنەکەت با تەواو لە تۆی ناسک و جوانیش نەچێت، تۆیەک کە هەر دەڵێیت بۆ ئەوە خوڵقاویت ماچ بکرێیت، هەر لەبەردەمیدا دەنووشتێمەوە.

با شەوانە، تیشکی چرا و دووکەڵی سیگار، ئازاری چاویشیم بدەن، بەڵام هەر وات دەبینم، وەک لە کنم بیت و هەر لە تەوقی سەرتەوە، تا پاژنەی پێت، لە ماچدا نوقم دەکەم. لە بەردەمتدا دێمە سەر چۆک و دەڵێم: خاتوونەکەم! خۆشم دەوێیت، خۆشەویستییەک گەرمتر لە خۆشەویستیی ئۆتێللۆ بۆ دێزدەموونا. ئەو نەیارانەم کە بە عاشقێکی پلە یەکی، شانۆگەرییەکی پلە دوویان لە قەڵەم دابووم، گێڵ بوون، تۆزێک هەستی قۆشمەیان شک بردبا، تابلۆیەکیان دەکێشا، لایەکی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان نیشان بدات و لایەکەی تری، من لەبەر پێی تۆدا.

دابڕانی کاتەکی بەکەڵکە، ئاخر پێکەوەبوونی هەمیشەیی، وەڕسبوونی لێ دەکەوێتەوە، ئاخر قەڵا لە دوورەوە بڵندتر دیارە و ئەفسوونی دووریی، هێز بە خۆشەویستی دەبەخشێت. هەر کە شوێن لە یەکتریمان دادەبڕێت، زەمان ئەوینم بۆ تۆ بەهێزتر دەکات، تەواو هەر وەک خۆر و باران کە خزمەت بە ڕووەک دەکەن. کە لە یەکدی دوور دەکەوینەوە، ئەوسا حەقیقەتی ئەوینم بۆ تۆ، ڕوونتر دەردەکەوێت، ئەوسا دەزانم چ هەستێکی گەرمم بەرانبەر بە تۆ هەیە و ئەوسا تێدەگەم کە بە کۆمەکی خۆشویستیی تۆ، پڕ بە مانای وشەکە، ئینسانم، ئەوسا هەست دەکەم، ئەوە خۆشەویستیی تۆیە، نەک هی پرۆلیتاریا، منی کردووە بە ئینسانێکی تەواو.

٢١ی ٦ی ١٨٦٥
مانچستەر

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة