Takalami | تكلمي

وا ئه‌بمه‌ وه‌ڕینى پڕ له‌ پرسیارى سه‌گه‌ برسێكانى ناو شار

ده ق:چنوور نامیق//

من ژنێكم وه‌كو باران زوو ئه‌بارم
چاوم له‌ مه‌یلى هه‌وره‌كان نابێته‌وه‌
خوێندنه‌وه‌م ئه‌سته‌متره‌
له‌قوژبنى ماڵى چۆڵى ته‌نیاییه‌ك
پیته‌كانم ئاڵۆزترن
له‌ كردنه‌وه‌ى لوغزه‌كانى فه‌لسه‌فه‌ى پیاوانى وڵات

دێره‌ په‌رته‌كانى ناخم وڕێنه‌ى كۆساڵانێكن
چاوى قه‌ده‌ر لێیان ناگا
چه‌ند روونترم له‌ فرمێسكت هه‌ر ناتوانى بمخوێنییه‌وه‌
خوێندنه‌وه‌ى نیگاى تیژى باڵنده‌یه‌ك ئاسانتره‌ له‌ سه‌رنجێكى رژاوم

وانه‌كانى ژیان كورتن پێڕاناگه‌ى منی تێدا بدۆزییه‌وه‌
ئه‌مڕۆ له‌وانه‌ى گه‌مه‌كان دیسانه‌وه‌ سفرم هێنا
خه‌ونێكى به‌سه‌رچوو هات و چاوى بردم
له‌ڕه‌نجى مێرووله‌یه‌كى یه‌ك پێدا ره نج بێوه‌ر بووم

من ژنێكم له‌ باراندا ئاشت ئه‌بمه‌وه‌
له‌زاكیره‌ى پاسارییه‌ك بوومه‌ پووش و ماڵێكى بارانم شێواند
بومه‌ پوش و ماڵى گومانم گسكدا
بوومه‌ پووش و
كه‌نارێكان به‌ده‌م نیگاى رژاومه‌وه‌ هه‌ڵئه‌وه‌رین
بوومه‌ باڵ و فڕینم له‌بیرى كه‌نارییه‌كان ئه‌برده‌وه‌
بوومه‌ مناڵێكى سپى و
رۆژگار خۆى تیا شاردمه‌وه‌
بوومه‌ مه‌ل و
شینایى ئاسمانه‌كانم ئه‌خوێنده‌وه‌….

له‌گه‌ڵ گومانى باراندا بوومه‌ خۆم و قسه‌كانم بیرچووه‌وه‌
بوومه‌ كتێبێكى كۆن و پیته‌كانت ئه‌خوێندمه‌وه‌
وه‌لێ نه‌خوێنه‌وارێكى ساواى
هێشتا په‌ى به‌ڕسته‌یه‌كى ناته‌واوى چاوم نابه‌ى
ئێستا ژنێكى سه‌فه‌ریى به‌ر بارانم

وا ئه‌بمه‌ وه‌ڕینى پڕ له‌ پرسیارى سه‌گه‌ برسێكانى ناو شار
وا ئه‌بمه‌ مناڵێكى له‌بیركراوى دیارنه‌ماو
هێشتا نوقمى گه‌مه‌ شێواوه‌كانى شه‌وگارى دیار باران بووم
بوومه‌ وه‌ڕینى سه‌گه‌له‌كانى ناو شه‌وگار
پڕ پڕ بووبوومه‌وه‌ له‌ وه‌فا
وه‌فاى جێماو
وه‌فاى نامۆ به‌ مه‌سجه‌ تیژڕه‌وه‌كانى تۆ

ده‌ستوپه‌نجه‌ت له‌نوسینه‌وه‌م بكه‌وه‌
هێشتا نوقمى گه‌مه‌ شێواوه‌كانى شه‌وگارى دیار بارانم
با له‌ زاكیره‌ى باراندا نازى ژیان نه‌شێوێنم!

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة