Takalami | تكلمي

کورتە شڕۆڤەیەکی پێکهاتەی دەقی مەقامی “گورێ”ی سێوە

عەبدولخالق یەعقووبی//
دەقی مەقامی “گورێ”، کە دەکەوێتە خانەی ئەدەبیاتی فۆلکلۆریک بە گشتی و ئەدەبیاتی “بەیتی”ییەوە بە تایبەتی و پێی دەگوترێت “بەند”، لە چوار کۆپلە پێک دێت. لە هەر کۆپلەیەکدا دەنگی شیعریی (speaking voice) بریتییە لە کوڕێکی ئاشق و بەردەنگ کچێکە کە لە دەقەکەدا چ نیشانەیەک نییە کە راستەوخۆ گوێبیستی دەنگ و داواکانی کوڕە ئاشقە بێت، لەو سۆنگەیەوە کە چ وەڵام و دەنگێک لە کچەوە نایەتە ئاراوە. پێکهاتەی (structure) هەموو کۆپلەکان خاوەن نەزمێکی گێڕانەوەییە (narrative order) کە سەرەتا بریتییە لە بانگکردنی کچە بە ناوی “گورێ”:
ئەرێ گورێ، گورێ جوانێ(لە کۆپلەی یەکەم)
ئەرێ گورێ، ئەمان گور (لە کۆپلەی دووهەم)
ئەرێ گورێ، گورە رەندی (لە کۆپلەی سێهەم)
ئەرێ گورێ، ئامان گور ئەسمەرێ (لە کۆپلەی چوارەم)
خوێنەرەوەی دەق یان بیسەری مەقامەکە لێرەدا دڵنیا نییە کە ئایا ئەم ناوە ناوی رێک و راستی کچی بەردەنگە یان وەک نازناو و بە نیشانەی خۆشەویستیی بە کار دێت.
تایبەتمەندیی دووهەمی پێکهاتەی دەقی “گورێ” وەسفکردنی رەنگ و رواڵەتی کچەکەیە. ئەم وەسفە لە لایەکەوە دەربڕی ئاستی خۆشەویستیی کوڕەیە بۆ کچە و لە لایەکی تریشەوە وێناکەری بەشێک لە جوانییەکانی روخساری کچەکەیە:

ئەرێ گورێ، گورێ جوانێ
سینگ سپیی مەمک فینجانێ (لە کۆپلەی یەکەم)

ئەرێ گورێ، ئەمان گور، لە خەو هەردەستی
شەنگ و شۆڕێ، بەژن برندێ، پشتی دەبەستی (لە کۆپلەی دووهەم)

ئەرێ گورێ، گور رەندی
مل بە عەباسی، سەر بە سێ شایی کەونینە
قۆڵ بە بازیبەندی (لە کۆپلەی سێهەم)

ئەرێ گورێ، ئامان گور ئەسمەرێ
کەزی زەرێ، چاو سەقەرێ (لە کۆپلەی چوارەم)

سێهەم تایبەتمەندیی پێکهاتەی دەقی ئەم مەقامە وەسفی بارودۆخی کوڕە ئاشقە بە نیسبەت گورێ، لەو شوێنەدا کە وەگێڕ و دەنگی شیعریی ئەم بەندە، واتە کوڕە ئاشق، روو دەکاتە “برادەرینە” و ئەوان دەکات بە بیسەر و شاهیدی ئەو بارودۆخە:

ئەرێ برادەرینە، ئەگەر هەنیییێ گورە جوانێ
لە بۆ من بمێنێ بەوێ مانگی لە چاردەی
کە وەتانی لە مابەینی هەور و ساماری
جۆخین دەبەستی (لە کۆپلەی دووهەم)

ئەرێ برادەرینە، هەر کەسانەکی
قسەکی لە مابەینی من و گورە جوانی بکاتن
یارەبی حاری بە حاری کوڕی پاشای یەمەنێ بی
کە وەتانی بە قسەی “بەکرەی میر گەوەری”
کەوتیتەوە حەپس و لە گەڵ هەرامە بەندی (لە کۆپلەی سێهەم)

لە کۆتایی هەر کۆپلەیەکدا وەگێڕ بە شێوەیەک دەدوێت کە وێدەچێت هێشتاش هەر لە حەسرەتی عیشقی دڵداریدا بە سەر دەبات و هەر بۆیە دوارستەی سەرجەم کۆپلەکان، واتە:
داد گورێ لە باغانم نەمایی
خۆشی لە ساران دەست لە من بەردایی
جۆرێک شینگێڕی و وایلۆکی تێدا دەبینرێت.
بە کورتی دەکرێت بڵێین لەم “بەند”ەدا وەگێڕ و قارەمانی سەرەکیی، واتە کوڕە ئاشق، جوانیی یاری خۆی و کێشەکانی سەر رێگای گەیشتن بە یار و دواجار حەسرەتی نەگەیشتن بە یار و نەمانی خۆشیی خۆی دەخاتە بەر چاو و گوێی خوێنەرەوە و بیسەری خۆی. جوانیی و ئەڤین و حەسرەتی گەیشتن بە دڵدار بە چروپڕی و وەستاکارانە لە ئیماژ و گێڕانەوەی هەموو کۆپلەکاندا جێگیر کراون و داواجار دەبنە سەرچاوەی چێژ و راڤەی جوانی ناسانەی دەقی مەقامی “گورێ”.

ئاماژە: ئەم وتارۆکەیە رێکەوتی ١٧/٠٣/٢٠١٥ لە کۆیە و لە مەراسیمێکی تایبەت بۆ یادی “سێوە”ی نەمر، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە بەڕێوەچوو، خوێندرایەوە.

 

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا

الاكثر مشاهدة