Takalami | تكلمي

” ھاوسەرگیری کردن قومارە” یان ” شەنس و بەختە”؟

گڵپه‌ خالد//

زۆرجار لە زاری ژنانەوە گوێبیستی ئەوە بوومە کە دەڵێن ” ھاوسەرگیری کردن قومارە” یان ” شەنس و بەختە”، ئەم تێڕوانینەی ژنان پەڕیوەتەوە بۆ زھنی کچان و ئەوانیش ھەمان تێڕوانینیان ھەیە.
ووشەی ” قومار” یاخود “شەنس” و “بەخت” کە ژنان و کچان بەکاری دەھێنن دەرەنجامە، دیارە ئەم دەرەنجامەش بەرھەمی چەندین ھۆکارە…. ئەو ھەویرە ئاوی زۆری دەوێ، بەڵام لەنێو دەریایەک تەنھا دڵۆپێکی باس دەکەم!!!!
بەتێگەیشتنی من بۆ ئەوەی بە ڕێژەیەکی باش بەرانبەر بناسین واتە ناسینی «کوالێتی عەقڵی، دەروونی،لایەنی کۆمەڵایەتی، فیزیکی…ھتد» پێویستمان بەوەیە لەگەڵ کەسی بەرانبەر ھەستان و دانیشتنمان ھەبێت، تێکەڵاویمان ھەبێ، بیرکردنەوەکان و کردەوەکانی ببینین…، لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم جۆرە تێکەڵاوبوونە و نزیک بوونەوەیە نەگونجاوە ( کە دەڵێم نزیک بوونەوە مەبەستم لە ڕووە جنسیەکەوە نییە)، ھەم لەڕووی عورف و عادەت و کلتوورەوە، ھەمیش لەڕووی دینەوە…، کۆمەڵگەی ئێمە، کۆمەڵگەیەکی داخراوە، کچان و کوڕان دەیان کپبوونیان ھەیە، کاتێک کچ و کوڕێکیش لە نزیکەوە بیانەوێت یەکتری بناسن، کچان ھەمیشە بوونەتە قوربانی و دەیان کێشە و گرفت ڕوویداوە تا ڕادەی سەرگەردان بوونی کچ و کوشتنی، کەوایە ھەر بەربەستی عورف و عادەت و ئاین بوونی نییە بەڵکو پەروەردەش بوونی ھەیە کە تاک ئامادە نەکراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، ئەمانەش ھەمووی بەرەنجامن ھۆکاری ھەرەسەرەکی سیستەمی حکومڕانییە کەوای کردوە کۆمەڵگە بەرەو ووێران بوون بچێت!.
کەوایە کچان و کوڕان چ ڕێگایەکیان لەبەر دەستە بۆ ئەوەی یەکتری بناسن و بڕیاری چوونە نێو ژیانی ھاوسەرگیری بدەن؟ بەربڵاوترین ڕێگە کە لای زۆرینەی کچان و کوڕان بوونی ھەیە ھاوسەرگیری کردنە لەسەر بنەمای وێناکردن و خەیاڵ، بەو واتایەی پێوەر و بەھاکان زێدەتر ڕووکەشین نەک قووڵ بوونەوە و ووردبوونەوە و تێڕوانین و ناسین و تێکەڵابوونێکی بێ ماسک!. زۆرجار کچان و کوڕان بەدانیشتنێک و دوو دانیشتن لەسەر مێزێک بڕیاری کۆتایی ھاوسەرگیری دەدەن بێ ئەوەی یەکتری بناسن لەسەر ئاستی« کوالێتی عەقڵی، دەروونی، جەستەیی (مەبەستم ئەوەیە توانای ئەوەی ھەیە بەرپرسیارەتی خێزانی بگریتە ئەستۆ؟)، کۆمەڵایەتی، …. ھەتادواتر»، ئەوان تەنھا لەسەر ھەندێک بنەمای ڕووکەشی بڕیاردەدەن، بڕیارێک زێدەتر وێناکردن و خەیاڵە، دواتر کاتێک تێکەڵی واقیعەکە دەبن، ئەوکات قسەیەک دێتە گۆڕێ ھاوسەرگیری ” قومارە” یاخود ” شەنس و بەختە”

اضف تعليق

اترك رد

تسجيل الدخول

تابعونا